|
|
|
ئه‌گه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت زیاتر دوابكه‌وێت، ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردان هه‌یه
راپۆرت: سه‌ڵاح سالار
ئه‌و ماوه زۆره‌ی پاش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تا ئێستا دانوستان به‌رده‌وامه و كه‌چی نه‌توانرا تا ئه‌مكاته حكومه‌تێكی نوێ پێكبهێنرێت، ئه‌مه‌ش راجیایی و خوێندنه‌وه‌ی زۆری بۆ ده‌كرێت، له‌وباره‌یه‌وه مه‌ولوود باوه‌موراد ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان ده‌ڵێت: «ئاڵۆزیی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقی بۆ بوونی دوو كوتله‌ی گه‌وره‌ی عێراقییه‌و ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه هیچیان ئاماده نین ته‌نازوول بۆ ئه‌وی دیكه‌یان بكه‌ن و هه‌ردووكیان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران له خۆیان بێت». هه‌رچی دكتۆر شاهۆ سه‌عید ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی گۆڕان وتی: «ئه‌وه كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌و پێویسته شرۆڤكارانی سیاسیی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن»، موحه‌ممه‌د حه‌كیم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان پێی وایه ئه‌گه‌رچی هۆكار زۆربوون به‌ڵام ئیتر ئه‌و ماوه‌ی بۆشاییه ده‌بێت كۆتایی پێ بێت، ئه‌و ده‌ڵێت: «كوتله سیاسییه‌كان بڕیاریانداوه هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به مه‌به‌سیتی ئه‌وه‌ی زووتر دروستی بكه‌ن»، مه‌ولوود باوه‌مورادیش هه‌مانڕای موحه‌ممه‌د حه‌كیمی هه‌یه‌و بۆچوونی وایه ئه‌گه‌ر به ده‌ستێوه‌ردانیش بێت ده‌بێت حكومه‌ت پێكبهێنرێت و ئیتر راوه‌ستان كۆتایی پێ بێت، ئه‌و ده‌ڵێت: «ئه‌مریكا له‌وانه‌یه زۆر رانه‌وستێت و فشاری جۆری دیكه بۆ هێزه عێراقییه‌كان بهێنێت، چونكه نایه‌وێت بارودۆخی عێراق ئاڵوزتر ببێت،».
له حاڵه‌تی ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریكا به مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی دیكه‌ش له ئارادا هه‌یه، به تایبه‌ت وڵاتانی دراوسێ و به تایبه‌تیتریش مه‌رجه‌عییه‌تی شیعه‌كان، مه‌ولوود باوه‌موراد ده‌ڵێت: «به‌نیسبه‌ت مه‌رجه‌عییه‌ته‌وه دیاره ئه‌وه ده‌زگایه‌ك نییه تا ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ بكات به قازانجی لیستی عێراقییه، كه شیعه‌كان به لیستێكی شۆڤینی و كۆنه‌به‌عسییه‌كان و سوننه‌كانی ده‌ناسێنن، بێگومان مه‌رجه‌عیه‌تیش ناتوانێت ئه‌وه قه‌بووڵ بكات، كه دوو لیستی گه‌وره‌ی مه‌زهه‌بیی شیعیی په‌راوێز بخرێن، له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ی تۆدام ئه‌وكاته ره‌وشه‌كه ئاڵۆزتر ده‌بێت»، موحه‌ممه‌د حه‌كیم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ره به دوور نازانێت، به‌ڵام رای وایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌عیه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ نییه، بۆیه راسته‌وخۆش په‌نجه ناخاته سه‌ر ئه‌و برینه‌و هه‌ر ئه‌گه‌ری ئه‌مریكا زیاتره، بۆیه ناوبراو ده‌ڵێت: «مه‌رجه‌عیه‌ت پێناچێت ده‌ستێوه‌ردان بكات، شیعه‌كان كه به‌شێكی زۆری عێراق پێكده‌هێنن بڕوایان به مه‌رجه‌عیه‌ت هه‌یه‌و راكانی ئه‌وانیان لا پیرۆزه، به‌ڵام له‌وانه‌یه ئه‌مریكا به زمانێكی دیكه قه‌سیان له‌گه‌ڵ بكات چونكه ئه‌و به‌رپرسیاره له بارودۆخی عێراق و په‌له‌یه‌تی تا زووی لێی ده‌رباز ببێت،».
ئه‌وه‌ی ته‌نیا خاڵی هه‌ستیاره پێكهێنانی حكومه‌ت نییه، به‌ڵكو شێوازی پێكهێنانی حكومه‌ت و دابه‌شكردنی پۆسته‌كانه، ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا مالیكی و عه‌للاوی رێك بكه‌ون، ئیدی شیمانه‌ی ئه‌وه هه‌یه زۆركه‌س و لایه‌ن یان هه‌ڵاوێر بكرێن، یاخود بێسه‌نگ ببن، كوردیش له‌و مه‌ترسییه دوور نییه، موحه‌ممه‌د حه‌كیم ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر مالیكی و عه‌للاوی رێك بكه‌ون ئه‌وه بێگومان یه‌كێكیان سه‌رۆكوه‌زیران و ئه‌وی دیكه‌ش چاوه‌ڕوانه پۆستی سه‌رۆككۆمار مسۆگه‌ر بكات، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیی بۆ كورد دروست ده‌كات»، مه‌ولوود باوه‌مورادیش هه‌مان مه‌ترسیی هه‌ست پێده‌كات، به‌ڵام به ئه‌گه‌رێكی دوورتر، «ئه‌گه‌ر مالیكی و عه‌للاوی پێكبێن بۆ ته‌شكیلی حكومه‌ت، ره‌نگه كورد زیان بكات و پۆستی سه‌رۆككۆمار له‌ده‌ست بدات، به‌ڵام چونكه عێراق به ته‌وافوق پێهاتووه پێناچێت سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆككوه‌زیران بۆ مالیكی و عه‌للاوی بێت، چونكه له ئه‌نجامدا هه‌ردووكیان ئینتیمایان بۆ یه‌ك مه‌زهه‌بی دیاریكراو هه‌یه».
گومانێكیش كه هه‌میشه خۆی قوت ده‌كاته‌وه به‌ڵێن و قه‌وله‌كانی هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وایه له كوردستان، له پاش پێكهێنانی حكومه‌ت تا چه‌ند پشكی لیسته‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌ده‌ن، له‌وباره‌یه‌وه دكتۆر شاهۆ سه‌عید له لیستی گۆڕان ده‌ڵێت: «ئه‌وه‌ی لامان گرنگه رێككه‌وتنه له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی سیاسیی، به‌رنامه‌ی حكومی، به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان رێكبكه‌وین گرنگ ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی حكومی رێك بكه‌وین، هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕاین كه نابێت هیچ لایه‌نێكی گه‌وره‌و پێكهێنه‌رێك پشتگوێ بخرێت»، موحه‌ممه‌د حه‌كیم له كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ده‌ڵێت: «ئێمه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه خاڵێك رێككه‌وتووین و به‌رنامه‌و پێڕه‌وی ناوخۆمان بۆ فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان داناوه، باوه‌ڕم نییه براده‌ران به‌ڵێنشكێنی بكه‌ن و خۆشیان له‌كه‌دار بكه‌ن، هیوادارم ئه‌وه نه‌كه‌ن، له‌وانه‌شه شتی واش بكه‌ن»، ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیوای وایه وا نه‌بێت، به‌ڵام به دووریشی نازانێت، ئه‌و ده‌ڵێت: «له رێككه‌وتننامه و په‌یڕه‌وی ناوخۆی هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان ئیمتیازات و شێوه‌ی به‌شدارییكردنی لیسته‌كان وردكراوه‌ته‌وه، بۆیه پێناچێت له كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقییدا یه‌كێتیی و پارتیی سته‌م له لیسته‌كانی ئۆپۆزسیۆن بكه‌ن و ئومێدیش ده‌كه‌ین كه وا نه‌كه‌ن»، هه‌روه‌ها دكتۆر شاهۆ سه‌عید ده‌ڵێت: «هه‌رچوار لایه‌نه‌كه‌ی ناو فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك رێككه‌وتووین، ئێمه ئه‌وه‌ی لامان گرنگه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه بكه‌ینه‌وه، له كارنامه‌ی حكومه‌ت و رێككه‌وتنی سیاسیی داهاتوودا ئه‌و به‌رنامه‌یه جێی بكرێته‌وه».
ناوبه‌ناو میدیاكان ئاما‌ژه‌یان به په‌راوێزخستنی لیسته‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌دا له ناو هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان، به‌ڵام لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئه‌و رایه‌یان نییه، ئه‌وان پێیان وانییه په‌راوێزخرابن و له رۆڵبینیینی خۆیان دوور خرابنه‌وه. «هیچ كه‌س بۆی نییه به ناوی هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانه‌وه قسه بكات، چونكه هه‌موویان نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و فراكسیۆنه ده‌كه‌ن نه‌ك یه‌ك كه‌س، تائێستا ئێمه وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گله‌ییه‌مان له هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان رانه‌گه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر هه‌شمانبێت رایده‌گه‌یه‌نین»، ئه‌مه وته‌ی دكتۆر شاهۆ سه‌عیدی په‌رله‌مانتاری لیستی گۆڕانه. به‌ڵام ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ده‌ڵێت: هه‌ندێكجار سه‌رنجمان هه‌بووه به تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تاوه، ناوبراو بوونی ئه‌و فراكسیۆنه به قازانجی پارتیی و یه‌كێتیی ده‌زانێت و پێی وایه بۆخۆیان وابه‌شه سه‌روه‌رییه‌كه‌ی بپارێزن، «ئێمه له سه‌ره‌تاوه هه‌ندێك سه‌رنج و تێبینییمان هه‌بوو، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ده‌بێت یه‌كێتیی و پارتیی ئه‌وه بزانن بوونی هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له قازانجیانه، نابێت پێشێلكاریی له بڕگه‌كانیدا بكه‌ن، چونكه ئه‌و فراكرسیۆنه زامنی یه‌كڕیزیی گه‌لی كورده، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش به‌ته‌نگ پاراستنی یه‌كڕیزیی گه‌لی كورده‌وه‌ن ده‌بێت كارێك بكه‌ن سێ لیسته ئۆپۆزسیۆنه‌كه گله‌ییان نه‌بێت، ئیتر جاروبار گلییمان هه‌بووه به‌ڵام نه‌ڕۆشتووه‌ته بواری ئه‌وه‌ی رایبگه‌یه‌نین»، هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه مه‌ولوود باوه‌موراد بۆ رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ) راشكاوانه رایگه‌یاند، كه یه‌كگرتووی ئیسلامیی گله‌ییان نییه له ئه‌دای یه‌كێتیی و پارتیی به‌رانبه‌ر هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان، «ئێمه وه‌ك یه‌كگرتوو تا ئێستا گله‌ییمان نییه و ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت نه‌گه‌شتووه‌ته مه‌كته‌بی سیاسیی، چونكه تا ئێستا بڕگه‌یه‌كیان له‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆیه‌ی كه دایانناوه خستووه‌ته كار، ئه‌ویش دیاریكردنی وه‌فدێكی یه‌كسانه بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ لیسته عێراقییه‌كان، تا ئێستا به‌رێكوپێكی رۆشتووه‌و جیاوازیی نه‌كراوه».
|
|
197
جار خوێندراوه‌ته‌وه | Wednesday, July 28, 2010
|
|
|
|
|
|
|
|
زیاتر
|
|
|
komalnews.net | All rights reserved | 2010