|
|
| دیاردەی مەرگی ناكاو لەنێوان زانست و ئاین دا |
22/5/2010
نووسهر: فرمێسك عباس طاهر
بەكالۆریۆس لە پزیشكی و نەشتەرگەری گشتیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەفەرموێت (إن من امارات الساعة أن يظهر موت الفجأة) رواه الطبراني.
واتە: (لە نیشانەكانی كاتی ڕۆژی دوایی مەرگی كتوپڕ دەردەكەوێت). ئەم فەرمودەیەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتییە لە موعجیزەیەكی زانستی كە لە ناوەڕۆكی بابەتەكەماندا ئەیسلمێنین بە بەڵگەی پزیشكی, و ئەم موعجیزەیە شایەتی بۆ پێغەمبەر ئەدات كە نێردراوی خوایە و هەموو قسەكانیشی پەیامی خوای گەورەن.
نەتەوە یەكگرتووەكان هەموو ساڵێك سەرژمێری تازەمان پێدەڵێن سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی وەستانی دڵ و مێش ئەمرن. و ئەم ژمارانە لە زیادبوونێكی بەردەوامدان. ئەم سەرژمێریانە پێمان ئەڵێن كە نەخۆشیەكانی دڵ هۆكاری یەكەمی مردنن لە جیهاندا. لەم لێكۆڵینەوەوە بۆمان دەردەكەوێت كە هیچ كەسێكی سەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشبینی ئەوەی نەكردووە كە ڕۆژانێك بێت و مەرگی كتوپڕ تیایدا دەكەوێت و زیادبێت مەگەر پەیوەندی بە سرووش و نیگاوە هەبێت و لەلایەن خوای گەورەوە ئەم زانیاریییانەی پێدرابێـت. دیاردەی مەرگی كتوپڕ دیاردەیەكی نوێ یە تا ڕادەیەك, یەكەمین لێكۆڵینەوەش لێكۆڵینەوەكەی فرامینگهام بوو لە ساڵی 1948دا (Framingham heart study), نیوەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشدارییان لە لێكۆڵینەوەكەدا كردبوو ئێستا لە ژیاندا نەماون. فرامینگهام پێناسەی مەرگی كتوپڕ دەكات بەومەرگەی كە دوای كەمتر لە كاتژمێرێك لە دەركەوتنی نیشانەكانی روودەدات. دەركەوتووە كە زۆربەی حاڵەتەكانی مەرگی كتوپڕ بەهۆی نەخۆشییەكانی شاخوێنبەری دڵەوەیە، ئەم جۆرە مردنەش پێی دەووترێت (SCD) sudden cardiac death لە لێكۆڵینەوەكەشدا دەركەوتووە كە ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە نێوان 45 – 75 ساڵیدا بووە و بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە مردوون, 60% یان بەمەرگی كتوپڕ مردوون بەبێ هیچ نیشانەیەكی پێشتر!! (2) هەروەها لێكۆڵینەوەكەش ئەوەی دەرخستووە مەرگی كتوپڕی دڵ بریتیە لە تێكچوونی كتوپڕ كە ئەمەش لە ئەنجامی حاڵەتی ناجێگیری دەروونیەوە دروست ئەبێت. سەرەڕای چاودێری زۆر و خێرا فریاكەوتنی نەخۆشیشەوە بەهەموو ڕێگاكان بەڵام ئەم نەخۆشییە سەركەوتووە لە كارەكەیدا!(2) مەرگی كتوپڕ چییە؟ پێشینان ووتویانە (هۆكارەكان زۆرن و مەرگیش تاقانەیە). ئەتوانین لەم پەندەوە بیروباوەڕی ساكاری پێشینانمان بۆ دەربكەوێت دەربارەی مردن، پێشینان باوەڕیان وابووە كە مردن هۆكارێكی هەیە ئەویش بریتیە لە نەخۆشی، كارەسات، خۆكوشتن یان هەرشتێكیتر، بەڵام كە باس لە مردنی بێهۆكار بكەین ئەوە مەرگی كتوپڕە كە پێشتر نەزانرابوو. هۆكاری سەرەكی مردن لەم چەرخەدا بریتییە لە جەڵتەی لەناكاوی دڵ كە بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەك دێت، و دەركەوتووە نیوەی ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكانی دڵ ئەبن، بەمەرگی كتوپڕ دەمردن!! مەرگی كتوپڕ هێرش ئەباتە سەر مرۆڤی نەخۆش تەنانەت ئەگەر لەنەخۆشخانە و لەژێر چاودێریشدا بێت، لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە 10% یان بەشێوەیەكی كتوپڕ لەناو نەخۆشخانەدا ئەمرن و 90% یان لە دەرەوەی نەخۆشخانە(7).
سەرژمێریییەكان: هۆكاری یەكەمی مردن لە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بریتیە لە نەخۆشیەكانی دڵ (جەڵتەی دڵ) بەڕێژەی نزیكەی 28% ی كۆی مردنەكان ئەبێت(6). ڕاپۆرتەكانی سەرژمێری ئەوە دووپات دەكەنەوە كە لەساڵی 2001 تەنها لەئەمەریكادا نزیكەی 700 هەزار كەس مردوون بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە. بەڵام ئەی ژمارەی ئەوانەی كە ساڵانە بەهۆی مەرگی كتوپڕەوە ئەمردن چەندە؟ لە وولاتە یەكگرتووە كان ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار كەس ئەمرن بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە، سەرژمێرییەكان دووپاتی ئەكەنەوە كە ڕێژەی مەرگی كتوپڕی دڵ زیاد ئەكات بەشێوەیەكی گشتی لەهەموو جیهاندا، و پیاوان زیاتر لە ژنان تووشی ئەبن بەڕێژەی 3 بۆ 1, مەرگی كتوپڕ ڕووئەدات بەبێ هیچ ئاگارییەكی لەپێش تەنانەت هەندێ جار بەبێ هیچ نیشانەیەكی نەخۆشی دڵ سەرەڕای ئەو ملیۆنەها دۆلارەش كە خەرج ئەكرێت لە لێكۆڵینەوەكانی نەخۆشییەكانی دڵدا لەووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
لەگەڵ ئەوەی كە توانیویانە ئەو ژمارەیە كەم بكەنەوە كە لەئەنجامی نەخۆشی دڵی كتوپڕەوە ئەمرن بەڵام ڕێژەی مەرگی كتوپڕ بەجێگیری ماوەتەوە! جگەرە كێشان و ئاڵۆزی دەروونی: جگەرەكێشان ئەگەری ڕوودانی مەرگی كتوپڕ سێ هێندە بەرز ئەكاتەوە! و جگەرەكێشان بەرپرسیارە لە 1/4 ی نەخۆشییەكانی دڵ لە جیهاندا, و ئەم نەخۆشیانە زۆربەیان كۆتاییان دێت بە مەرگی كتوپڕ. ئاڵۆزییە دەروونیەكان كار لە زیادبوونی مەرگی كتوپڕ دەكەن، و هەروەها لێكۆڵینەوەكانی قۆناغەكانی تەمەن ڕوونیان كردۆتەوە كە لەبارترین قۆناغی تەمەن بۆتووش بوونیان بەمەرگی كتوپڕ بریتییە لە تەمەنی چلەكانو پەنجاكان. لەم قۆناغەی تەمەندا ژیری مرۆڤ پێئەگات. هەروەها ئەوانەی كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە ئەگەری تووش بوونیان بەم مەرگە زیاترە.(1)
ئایا چارەسەری پزیشكی هەیە بۆ ئەم دیاردەیە؟ زۆربەی پزیشكەكان باس لەچارەسەری دوای روِودانی نەخۆشیەكە ئەكەن (وەستانی كتوپڕی دڵ یان مێشك) لەبەرئەوەی هەتا ئێستاش چارەسەری ئەم نەخۆشییە ترسناكە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری ڕزگاربوون لەم مردنە زۆر كزە.(5) پزیشكەكان دووپاتی دەكەنەوە كە ڕێگای نموونەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مردنە بریتیە لە دەستكەوتنی بەرزترین پلە لە جێگیریی كارەكانی دڵدا. ئەو چارەسەرانەی كە ئێستا هەن ئەوەیە كە نەخۆشەكە لەژێر چاودێرییەكی وورددا بێت دوای ئەوەی نەشتەرگەرییەكی خێرای بۆ ئەكرێت بەڵام ئەم ڕێگای چارەسەرە هیچ ئەنجامێكی نابێت تەنها لەچەند حاڵەتێكی كەمدا نەبێت. ئامۆژگاری پزیشكان بەكەم كردنەوەی ڕێژەی شەكر و كۆلیسترۆڵ لە خواردنی ئەو نەخۆشانەدا هیچ گرنگییەكی نییە لەم حاڵەتەدا. بەڵام ئەی چارەسەری ئەوانە چییە كە بەخۆیان نازانن و كەسیش چاوەڕِوانی مردنی كتوپڕ یان لێناكات؟ زانستی پزیشكی نەیتوانیوە پێشتر درك بەم حاڵەتانە بكات، بەڵام ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەمانەی پشتگوێ خستووە یان چارەسەری بۆ دانەناون؟
ئایا چارەسەری قورئان و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چییە بۆ ئەم حاڵەتانە؟
خوای گەورە ئاماژەی بە ووشەی دڵ (القلب) كردووە لە زۆربەی ئایەتە پیرۆزەكاندا: دڵ هەیە نەخۆشە، دڵ هەیە ڕق و بێ بەزەییە، دڵ هەیە كوێرە و نابینێ، دڵ هەیە نابیستێ، دڵ هەیە ئەترسێت لە خوای گەورە و ئارامە، دڵ هەیە ئەفامێت و ژیر ئەبێت. كەواتە دڵ تەنها تروومپایەك نییە بۆ پاڵنانی خوێن بەڵكو دەزگایەكی تەواوە و بەرپرسیارە لە جێگیریی و ئارامی دەروونی لە مرۆڤدا. یادكردنەوەی خوای گەورە باشترین ڕێگایە بۆ ئارامی و هێور بوونەوەی دڵەكان چونكە خوای گەورە ئەفەرموێت:
(الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُمْ بِذِكْرِ اللَّهِ أَلا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ) (الرعد:28).
واتە: ئەوانەی باوەڕیان هێناوە و بەیادی خوای گەورە دڵ ئارام دەبن، دڵنیابن كە بە یادی خوا دڵەكان ئارام دەبێت. لەبەرئەوە هەركاتێك ئیماندار یادی خوای خۆی ئەكاتەوە، ئەوا دڵكەی ئارام ئەبێت و تووشی هیچ تێكچوونێك (إضطراب) نابێت. تۆش ئەی خوێنەری بەڕێز ئەتوانیت چاوەكانت دابخەیت, و وا لە دڵت بكەیت كە بترسێت و مەزنی و گەورەیی خودا یادبكاتەوە، بۆ نموونە بڵێ (لا إله إلا الله) سەیركە و بزانە چ هەستێكت لا دروست ئەبێت. ئایا هەست ناكەیت لە هەموو كەس زیاتر هێمنو ئارام و دڵنیاتریت! وەكو بینیمان كەوا هۆكاری مەرگی كتوپڕ بریتییە لە تێكچوونی لەناكاو لە ئیشەكانی دڵدا، لەبەرئەوە پزیشكان نەیانتوانیوە هەتا ئێستا چارەسەری ئەم دیاردەیە بكەن، بەڵام قورئانی پیرۆز چارەسەری كردووە بەم ئایەتە پیرۆزە. جا ئەی خوێنەری بەڕێز ئەگەر قورئانی پیرۆزت لەبەر بێت و جێگیربێت لە سینەتدا، ئایا پێشینی ئەوە ناكەیت كە لەهەموو كەس ئارامتربیت! پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) فێری دووعایەكی گەورەی كردوین، كە هەموو ڕۆژێك خوێندوویەتی. ئەفەرموێت:
(ما من عبد يقول صباح كل يوم ومساء كل ليلة: بسم الله الذي لايضر مع إسمه شيء في الأرض ولا في السماء وهو السميع العليم، لم يصبه فجأة بلاء) رواه أبو داود.
واتە: هیچ بەندەیەك نییە بەیانیانی هەموو ڕۆژێك و ئێوارانی هەموو شەوێك بڵێت
(بسم الله الذي لايضر مع إسمه شيء في الأرض ولا في السماء وهو السميع العليم)
هیچ بەڵایەكی كتوپڕ توشی نابێت. هەروەها پێغەمبەری مەزن ئەم دوعایەشی دەخوێند:
(اللهم احفظني من بين يدي ومن خلفي ومن يميني وعن شمالي ومن فوقي وأعوذ بك أن أغتال من تحتي) رواه الترمذي.
رووی ئیعجاز لە فەرموودەكەدا:
ئەتوانین ڕوی ئیعجاز كورت بكەینەوە لەم فەرموودە پیرۆزەدا: 1) كەس ناتوانێت پێشبینی زۆربوونی مەرگی كتوپڕ بكات، لەبەرئەوەی كەس نەیتوانیوە ئەم دیاردەیە بناسێت هەتا ئەم چەند ساڵە كەمەی دوایی نەبێت، كاتێك زانایان توانییان سەرژمێری وورد بكەن، سەیریش لەوەدا بوو كە ئەو ژمارانەی دەستیان كەوتبوو پیَِشبینی نەئەكرا چونكە ژمارەی ئەوانەی بەمەرگی كتوپڕ مردبوون زۆر بەرز بوو. 2) زانایانی ئەمڕۆ ئەڵێن: دیاردەی مەرگی كتوپڕ جیانەكراوەتەوە و نەناسراوە هەتاوەكو 50 ساڵاَ پێش ئێستا! لێكۆڵینەوەی پزیشكی بۆ نەكرابوو هەتاوەكو 20 ساڵ پێش ئێستا. ئەمڕۆ زانایان هەوڵ ئەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی كە بەرەنگاری ئەم مەرگە بكاتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان درك بەگەورەیی كێشەكە ئەكەن، بەڵام هەوڵەكانیان بێ سوودە. ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت كەوا ئەم دیاردەیە لە زیاد بوونێكی بەردەوامدایە و زانایانیش دەستیان كردووە بە ناسینی هۆكارەكانی ئەم مردنە. ئەمەش ڕاستی ووتەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرئەخات كە ئەفەرموێت: (إن من إمارات الساعة أن یظهرموت الفجأە), یەكێك لە واتاكانی ووشەی (یظهر) بە واتای (یتبین) دێت, واتە روون دەبێتەوە وەك لە (القاموس المحیط)دا هاتووە, هەروەك بینیشمان ئەم مردنە نزیكەی 20 ساڵە روون بۆتەوە. 3) هەندێ لە گوماندار و بێباوەڕان بانگەشەی ئەوە ئەكەن كەوا ئەم مەرگە هەرناسراوە لەسەردەمی كۆنەوە، ئێمەش ئەڵێین: ئەم مەرگە لەسەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) نەناسرابوو هەر لەبەرئەوەش لە ووتەی شاعیر و ئەدیبەكانی ئەوسەردەمەدا ئاماژەی پێنەدراوە و بەڵگەش بۆئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەركەوتنی ئەم مەرگەی داناوە بە نیشانەیەكی رۆژی دوایی, ئەگەر ئەم مەرگە لەو كاتەدا بناسرایە ئەوا بەدڵنیاییەوە بێباوەڕەكانی ئەو سەردەمە ڕەخنەیان لەم فەرموودەیە ئەگرت!. هەروەكو ئەزانین بێباوەڕان هیچ شتێكیان بەبێ ڕەخنە بەجێ نەهێشتووە، ئەگەر ئەم دیاردەیە بڵاوبووایە لەوسەردەمەدا، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات و دەركەوتنی ئەم دیاردەیەی دانا بەنزیك بوونەوەی ڕۆژی قیامەت، ئەگەر ئەمە ڕوویبدایە خەڵكی ئەم فەرموودەیەیان پێ سەیر ئەبوو كە چۆن باسی شتێكیان بۆ ئەكات كە بوونی هەیە!! لەبەرئەوە ئەتوانین ئەم فەرموودەیە دابنێن بەموعجیزەیەكی پزیشكی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) كە باس لە دیاردەیەك ئەكات كە زانایانی ڕۆژئاوا نەیان زانیبوو هەتا ئەم چەند ساڵانەی دوایی نەبێت.
لە كۆتاییدا:
ئەم لێكۆڵینەوەیە كۆتایی پێدێنین بە دووعایەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە پێویستە لەسەر هەریەكەمان كە بیزانێت و هەرگیز لەیادی نەكات.
(اللهم أنت ربي لا إله إلا أنت خلقتني وأنا عبدك وانا على عهدك ووعدك ما استطعت، أعوذ بك من شر ماصنعت، أبوء لك بنعمتك علي وأبوء بذنبي فأغفر لي فإنه لايغفر الذنوب إلا أنت)
هەركەسێك ئەم دوعایەی خوێند كاتێك ئەخەوێت و دوای ئەوە مرد، ئەوا ئەچێتە بەهەشت، و هەركەسێكیش خوێندی كاتێك بەیانی لەخەوهەستا و دوای ئەوە مرد ئەوا ئەچێتە بەهەشت. (رواه البخاری). خوێنەری بەڕێز: ئایا هاوڕای لەگەڵ من بە چارەسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم), و ئەم دوعایە لەبەر بكەیتو هەرگیز لەیادی نەكەیت؟
نوسينى: عبد الدائم الكحيل هەندێ سەرچاوەی بيانى: [1] Silvia G Priori, Douglas P Zipes, Sudden Cardiac Death, Blackwell Publishing,2005. [2] Ben Best, Sudden Cardiovascular Death,www.emedicine.com. [3] Ben Best, Prevention of Cardiovascular Disease,www.emedicine.com. [4] Aliot, Fighting Sudden Cardiac Death, Blackwell Publishing, 2000. [5] Krishna C Malineni, Sudden Cardiac Death,www.emedicine.com, November 11, 2004. [6] National Vital Statistics Reports, Vol. 53, No. 17, March 7, 2005. [7] http://www.benbest.com/health/cardio1.html
له سایتی ههیڤهوه وهرگیراوه
www.haiv.org
200 جار خوێنراوهتهوه
|
|
|