|
|
| بارودۆخ و ئه‌دای ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان چۆن ده گوزه‌رێت |
9/6/2010
راپۆرتى:كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ریكی بۆ كورد
كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ریكی بۆ كورد ASK
ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانی به‌دواداچوونێك بۆ بارودۆخ و ئه‌دای ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان/ عێراق حوزه‌یران 2010 پێشه‌كی: گه‌ر بێت و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك خوێندنه‌وه بۆ پێشهاته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌ژده ساڵه‌ی دوای راپه‌ڕینه‌وه بكرێ، ئه‌وا بێگومان پرۆسه‌ی سیاسی له دوای هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 25 ی ته‌موزی 2009 ه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز هه‌ڵده‌گرێ. له دوای 25 ی ته‌موزه‌وه كایه‌ی سیاسی كوردستان جۆرێكی تر له جموجۆڵی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت كه خۆی له ده‌ركه‌وتن و خۆڕێكخستنه‌وه‌ی هێزگه‌لێكدا ده‌بینێته‌وه كه به ئۆپۆزسیۆن ده‌ناسرێنن. ئیدی ئۆپۆزسیۆن قۆناغیكی نوێیه له به‌شداری سیاسی به‌تایبه‌ت له په‌رله‌مانی حكومه‌تی هه‌رێمدا. له خولی سێهه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان/عێراق دا، پێكهاته‌كان و لیسته‌كان فره‌ییان به‌خۆوه دیوه كه چه‌ند لیست و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی جیاواز له‌خۆده‌گرێت. ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خی ئه‌م راپۆرته‌یه، فراكسیۆنه‌كانی ئۆپزسیۆنه كه له سێ لیستی جودا پێكیهاتووه و به‌سه‌ر 35 كورسی دا دابه‌شبوون. هه‌ڵبه‌ت هه‌ریه‌كه‌یان به‌رێژه‌یه‌كی جیاواز پێگه‌یان هه‌یه له په‌رله‌ماندا. لیستی گۆڕان 25 كورسی و لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی 6 كورسی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی 4 كورسی هه‌یه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی هه‌ر سێ لیسته‌كه هاوبه‌شن له خاڵێكی بنه‌ڕه‌تیدا كه خۆیان به ئۆپۆزسیۆن له ناو په‌رله‌ماندا ناساندووه.
ئامانجی راپۆرته‌كه: ئامانجی "كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ریكی بۆ كورد ASK" له‌م راپۆرته‌دا، خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بێلایه‌نانه‌یه بۆ بارودۆخی سیاسی، به‌تایبه‌ت دوای ده‌ركه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن و هاوكات رووماڵكردنی رۆڵ و ئه‌دای ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌یه له هه‌رێمی كوردستاندا. بۆیه راپۆرته‌كه هه‌وڵده‌دات له‌لایه‌كه‌وه تیشكبخاته سه‌ر چۆنیه‌تی مامه‌ڵه و گوتاری ئۆپۆزسیۆن له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا، وه له‌لایه‌كی تره‌وه چۆنیه‌تی و ئاستی مامه‌ڵه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌ت و كۆمه‌ڵَگاش به‌گشتی ده‌خاته‌ڕوو. له‌م سۆنگه‌یه‌وه پێویسته تاوتوێی چییه‌تی و زه‌روره‌تی ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه بكرێ له‌رێگای ئه‌رك و پڕۆژه‌كانیه‌وه. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا پێویسته وێنه‌ی ئێستای ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمی كوردستاندا به‌و جۆره‌ی كه خۆی چۆن خۆی ده‌بینێت و هاوكات جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات چۆنی ده‌یبینن و چ چاوروانیه‌كیان لێی هه‌یه، ته‌وه‌رێكی تره له‌م راپۆرته‌دا.
میكانیزمی كاركردن له‌م راپۆرته‌دا: بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتنی جیا جیا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه له فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و كوردستانی دا ئه‌نجامدراوه. لێره‌دا كۆی وته‌و و گوزارشه‌كان له دانیشتنانه‌كاندا له زاری په‌رله‌كانتاره‌كان خۆیانه‌وه وه‌رگیراوه. هه‌ڵبه‌ت به‌تایبه‌تی و به‌ووردی له كۆی ئاخاوتنانه‌كاندا پرسی ئۆپۆزسیۆن و دیدگای ئۆپزسیۆن بۆ پرسه سیاسییه‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان خراوه‌ته‌به‌ر گفتوگۆ و باسكردن. بۆیه ئه‌م راپۆرته هه‌وڵی داوه له چه‌ندین ته‌وه‌ری جیاجیاوه خوێندنه‌وه بۆ ئۆپۆزسیۆن بكات و گرنگترین لایه‌نه‌كانی ئه‌م دیارده سیاسییه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ڕوو.
1- ئۆپۆزسیۆن بوون له‌روانگه‌ی فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه: به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن چ پیناسه‌یه‌كی بۆ ده‌كرێت له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا، ئۆپزسیۆن بوون له ژیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وتێكی نوێیه، بۆیه له روانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌ك "جه‌سته‌یه‌كی نامۆ" سه‌یرده‌كرێت. تاڕاده‌یه‌ك به دیدێكی دوژمنكارانه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت له‌رێی هه‌وڵی بچوككردنه‌وه‌ی و ده‌سته‌مۆكردنی به میكانزمی جیاواز. هه‌ڵبه‌ت بۆ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن دیسانه‌وه خۆشیان هاوڕان كه ئۆپزسیۆن بوون ده‌ركه‌وتێكی نامۆیه، چونكه شێوازێكی نوێیه له فه‌زای سیاسی كوردیدا. له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ی كه كه‌وتۆته سه‌رشانی له چۆنیه‌تی هه‌ڵسان به‌رۆڵی خۆی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا، به‌ره‌و رووی زۆر ئاسته‌نگ و گرفت بۆته‌وه. لێره‌وه كاركردن له چوارچێوه‌ی بازنه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا، بۆ ئۆپۆزسۆن هاوكاته له‌گه‌ڵ كه‌مئه‌زموونی و باوه‌ڕبه‌خۆنه‌بوون و به‌دگومانی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ك و چۆنیه‌تی مانه‌وه و پارێزگاریكردن له پێگه‌ی سیاسی و جه‌ماوه‌ری خۆی له‌لایه‌كی تره‌وه. ئه‌مه‌ش جار له‌دوای جار ئه‌ركی سه‌رشانی ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه قورس‌تر ده‌كات و هێندێك جاریش چاوه‌ڕوانی زۆری جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌یخاته به‌رده‌م ململانێ و ئه‌ركی گه‌وره‌تر له توانكانی خۆی، وه‌ك هه‌رسێ فراكسیۆنه ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی په‌رله‌مان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م دووخاڵه‌ی سه‌ره‌وه ده‌كه‌نه‌وه. له روانگه‌ی لیستی گۆڕانه‌وه: "ئۆپۆزسیۆن بوون له ئێستادا بریتیه له خوڵقاندنی شێوازێكی نوێ له‌كاری سیاسی و په‌رله‌مانیدا باوه‌ڕیشیان وایه ئه‌م حاڵه‌ته بۆ بارودۆخی ئێستای گۆڕان دروسته". له روانگه‌ی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیشه‌وه ئۆپۆزسیۆن بریتیه له "رێگه‌یه‌كی یاسایی كه جه‌ماوه‌ر به‌هۆیه‌وه گله‌یی و ره‌خنه‌كانیان بگه‌یه‌ننه ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها ئۆپۆزسیۆن فاكته‌رێكی ئاشتیخوازانه‌شه كه‌وا كاریگه‌ری هه‌یه له به‌رقه‌راركردنی ئاسایش‌دا، رۆڵی چاودێرێكی سیاسیش ده‌بینێت". سه‌باره‌ت به تیگه‌یشتنی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو بۆ ئامانج له ئۆپۆزسیۆن بوون "خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و گه‌یاندنی ده‌نگی ناڕه‌زاییه‌كانه به ده‌سه‌ڵات".
2- ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات:
• روانینی ده‌سه‌ڵات بۆ ئۆپۆزسیۆن: له روانگه‌ی لیستی كوردستانییه‌وه كه دواجار به لیستی "ده‌سه‌ڵات" ده‌ناسرێت، ئۆپۆزسیۆن دیارده‌یه‌كی قبوڵكراوه، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێك پێناسه و به‌های دیاریكراودا كه ده‌بیته پیشمه‌رجێك بۆ هه‌ڵسورانی ئۆپۆزسیۆن له كایه‌ی سیاسی هه‌رَیمدا. له روانگه‌ی لیستی كوردستانیه‌وه، پێویسته ئۆپۆزسیۆن رۆلێكی ئیجابی بگێڕێت و به به‌رنامه ئیش بكات و كاره‌كانی به‌ته‌نها هه‌ر خڕۆشاندنی جه‌ماوه‌ر نه‌بێت و له پڕۆژه و كاره باشه‌كاندا ده‌ستخۆشی له ده‌سه‌ڵات بكات. هه‌ڵبه‌ت لیستی كوردستانی باوه‌ڕی وایه كه ئۆپۆزسیۆنی كوردی هه‌ڵقوڵاوی واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه. بۆیه ته‌نها وه‌ك مۆدێلێكی "رۆژئاوایی" هه‌وڵیداوه خۆی بسه‌پێنێت له‌ڕێی هاندان و خرۆشاندنی جه‌ماوه‌رییه‌وه به‌ره‌ورووی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌وه. بۆیه لای ئۆپۆزسیۆن گرنگ نییه هه‌ر شێواز و میكانیزمێك بگرێته‌به‌ر له‌پێناو به‌گژاچوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و خرۆشاندنی رای گشتی. بۆیه ئۆپۆزسیۆن له هه‌ندێك پرس و مه‌سه‌له‌ی دیاریكراودا، بڕیاری پێشوه‌ختیان داوه بۆ دژایه‌تیكردن و ره‌تكردنه‌وه. بۆیه ده‌سه‌ڵات باوه‌ڕی وایه كه ئۆپزسیۆن ده‌بێت رۆڵێكی ئیجابی بگێڕێت.
• دیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ ده‌سه‌ڵات: له روانگه‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه ده‌سه‌ڵات له كوردستاندا به "یه‌ك ئه‌قڵییه‌ت" مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئپۆزسیۆندا كردووه، یه‌كه‌مجار دژایه‌تیكردن و پاشان خۆلێك نزكردنه‌وه و موغازه‌له. ئاشكرایه كه هه‌ردوورێگاكه له پێناوی بچوكردنه‌وه و سنوردانانه بۆ هه‌ڵسوڕانی ئۆپۆزسیۆن. سه‌باره‌ت به ئه‌دای ئۆپۆزسۆنیش له نێوان ئیجابێتی و سلبی بووندا، له دیدی فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنه‌وه، ئیجابیبوون ئه‌وه‌یه كه جیاوازییه‌كان بپارێزرێن و بكرێن به هێزێكی یه‌كخستنی گه‌وره و ئاراسته‌كردنی سیاسه‌تی حكومه‌ت. به‌ڵام به تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵات، ئیجابیبوون بریتیه له پیشتگیری ره‌ها له گوتار و پڕۆژه و بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات. لێره‌وه ئۆپۆزسیۆن باوه‌ڕی وایه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا، ئۆپۆزسیۆنێكی قبوڵه كه ده‌ستكرد و گوێڕایه‌ڵی خۆیان بێت و ته‌نها بۆ ماكیاژی روخساری سیاسی به‌رووی رای گشتی له‌ناوه‌وه‌و ده‌روه‌ی هه‌رێمدا به‌كاری بهێنێت.
3- ئۆپۆزسیۆن و جه‌ماوه‌ر: سه‌باره‌ت به جه‌ماوه‌ر و شه‌قامی كوردی، ئۆپۆزسیۆن توانیویه‌تی ره‌زامه‌ندی جه‌ماوه‌ر و شه‌قامی كوردی بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر بكات به‌تایبه‌ت له هه‌ڵمه‌تی هه‌لبژاردنه‌كاندا رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌نگیان هێنا. له روانگه‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه ئه‌و كورسیانه‌ی له‌په‌رله‌ماندا به‌ده‌ست هاتوون گوزارشت له هه‌ڵوێست و پشتگیری جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ده‌كه‌ن. له‌م نێوه‌نده‌شدا هه‌ریه‌كه له فراكسیۆنه‌كانی ئۆپزسیۆن له په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی جودا وه‌سفی په‌یوه‌ندی خۆیان به‌جه‌ماوه‌ره‌وه ده‌كه‌ن. لیستی گۆڕان باوه‌ڕی وایه، "فراكسیۆنی گۆڕان نزیكترین فراكسیۆنه له جه‌ماوه‌ره‌وه و ئه‌و په‌یامه‌ی هه‌ڵیگرتووه په‌یامی خه‌ڵكه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش هێشتا نه‌توانراوه وه‌ك پێویست په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر دروست بكه‌ن و شه‌قام بجوڵێنن". لیستی یه‌كگرتوو پێی وایه "له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌دا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی سه‌د هه‌زار زیادی كردووه به‌بێ هیچ پاڵپشتییه‌كی ده‌ره‌كی". له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا فراكسیۆنی كۆمه‌ڵیش خۆی به "نزیكترین فراكسیۆن ده‌بینێت له هاوڵاتیانه‌وه". به‌ڵام هه‌رسێ فراكسیۆنه‌كه پێیان وایه مه‌سه‌له‌ی جه‌ماوه‌ر ره‌هه‌ندێكی چاره‌نوسسازه له‌كارو به‌رنامه‌كانیاندا، بۆیه داهاتوو و كارایی ئه‌وان به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه‌ی تاچه‌ند ده‌توانن په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر گه‌شه پێبده‌ن. بۆیه ئه‌رك و ستراتیژییه‌تی كاره‌كانیان ده‌بێت به‌و ئاراسته‌یه‌دا بڕوات، چونكه له ئێستادا وه‌ك پێوست نه‌یان توانیوه رای گشتی و جه‌ماوه‌رێكی ته‌واو بۆ كار‌و به‌رنامه سیاسیه‌كانی خۆیان رابكێشن.
4- كارنامه‌ی ئۆپۆزسیۆن و رێگرییه‌كانی به‌رده‌می:
• كارنامه و ئه‌وله‌ویات: به وته‌ی خۆیان فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا (كارنامه‌ی خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌زیفه و ئه‌ركه‌كانی په‌رله‌مان داڕشتووه). ئه‌و ئه‌ركانه‌ش پێكدێن له ئاماده‌كردن و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه یاسای جیاجیا و چاودێریكردنی ئه‌دای حكومه‌ت و هاوكاریكردنی حكومه‌ت له پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی بودجه و هه‌وڵدان بۆ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ر. له چوارچیوه‌ی ئه‌م كارنامه‌یه‌شدا ئۆپۆزسیۆن چه‌ندین پڕۆژه یاسای ئاماده كردووه، له‌وانه‌ش: 1- نه‌هێشتنی باره‌گای حزبی له دامه‌زراوه حكومییه‌كان. 2- جیاكردنه‌وه‌ی حزب له ده‌سه‌ڵات. 3- هه‌روه‌ها به نیزامیكردنی هێزی پێشمه‌رگه. 4- پڕۆژه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیر و كارمه‌نده پله باڵاكانی حكومه‌ت به رێژه‌ی له 20%. 5- دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان و بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی له هه‌رێمی كوردستاندا. 6- ئاشكراكردنی داهاتی كوردستان وه‌ك ئه‌وله‌ویاته‌كانی كاركردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ی داهاتووی په‌ره‌له‌مان.
• رێگری و به‌ربه‌سته‌كان: فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا باس له چه‌ندین رێگری و به‌ربه‌ست ده‌كه‌ن كه ناهێڵێت وه‌كو پێویست كاره‌كانی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، له‌وانه‌ش: 1- تێنه‌گه‌یشتنی ده‌سه‌ڵات له ئه‌رك و بایه‌خی ئۆپۆزسیۆن. 2- زاڵبوونی ئه‌و نه‌ریته سیاسییه باوه‌ی كه به‌وه رانه‌هاتووه له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا وه‌ك هێزێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا بكات. 3- رێگه‌نه‌دان به گفتوگۆ و به‌شداری په‌رله‌مانتاره‌كان له‌كاتی تاوتوێكردنی پڕۆژه یاساكاندا به میكانیزمی جیاواز. 4- ئه‌و نوسراوانه‌ی كه له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌رز ده‌كرێته‌وه، رۆتینی ناو په‌رله‌مان ده‌یكوژێت و كاتێكی زۆر ده‌خایه‌نێت و هێندێك جار پشووی به‌سه‌را دێت و له‌بیر ده‌چێته‌وه. 5- شێوازی دانیشتنی ناو په‌رله‌مان به جۆرێكه كه په‌راوێزخستن و په‌رتوبڵاوكردنه‌وه و پشتگوێخستنی ئۆپۆزسیۆنی پێوه دیاره.
5- هه‌ڵسه‌نگاندن و تێبینی:
1- ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمی كوردستاندا دیارده‌یه‌كی زه‌روور و له‌هه‌مانكاتدا نوێیه، بۆیه هێشتا جێی خۆی نه‌كردۆته‌وه له‌ژیانی سیاسی و په‌رله‌مانیدا. هاوكات كه‌مئه‌زموونی ئه‌وان و زه‌مینه‌ی سیاسی هه‌رێم پێویستی به‌ته‌كانێكی تره بۆ جێكردنه‌وه‌ی هه‌موو هێزه سیاسیه‌كان به هه‌موو جیاوازیه‌كانیانه‌وه. 2- كورتكردنه‌وه‌ی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ن فراكسیۆنه ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه به‌ته‌نها له چوارچیوه‌ی دژایه‌تیكردن و به‌رهه‌ڵستی و یاخیبوون له سیسته‌م و نه‌ریتی سیاسی باوی كۆمه‌ڵگا. 3- فراكسیۆنی گۆڕان له‌م قۆناغه‌دا زیاتر خۆی وك ئامانج و ئۆپزسیۆنبوون وه‌ك به‌هایه‌ك ده‌بینێت، واته هێشتا خۆیان به‌كامڵ و خاوه‌نی ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌بردن نابینن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه له‌داهاتوودا نه‌گۆڕێ، ئه‌وا بێ به‌رنامه‌یی و نه‌بوونی ستراتیژییه‌تی كار، پێگه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌یانی ئۆپۆزسیۆن به‌ره‌وه پوكانه‌وه ده‌بات. 4- له‌ناوه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆندا سێ دیدی جودا هه‌یه سه‌باره‌ت به‌شێوازی مامه‌ڵه‌كردن و گوتاری ئۆپۆزسیۆن به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات: فراكسیۆنی گۆڕان خاوه‌نی گوتارێكی تونده به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات و خۆی به ئۆپۆزسیۆنێكی یاخی ناو ده‌بات و له‌رێگای یاخیبوونه‌وه كار بۆ گۆڕانكاری له سیسته‌می سیاسی‌دا ده‌كات. فراكسۆنی یه‌كگرتوو باوه‌ڕی به میانڕه‌وی سیاسی هه‌یه و خۆی وه‌ك ئۆپۆزسیۆنی ره‌سه‌ن پێناسه ده‌كات و دژایه‌تی هیچ لایه‌نێكی دیاریكراو ناكات. كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌گه‌رچی هه‌ڵوێستێكی روون و ئاشكرایان نییه، به‌ڵام له دیدی ئه‌وانه‌وه ده‌بێت به‌كاری باش بوترێت باش و به‌هه‌ڵه‌ش بوترێت هه‌ڵه. 5- له هه‌رێمی كوردستاندا خه‌ڵك به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان بۆ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان داوه، چاوه‌ڕوانی زیاتریان له‌و ئۆپۆزسیۆنه هه‌یه. بۆیه له روانگه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه ئۆپۆزسیۆن له ئێستادا لاوازتره له‌وه‌ی كه پێشبینی ده‌كرا. ئۆپۆزسیۆنیش باس له‌وه‌ده‌كات كه به‌م قه‌باره‌یه‌ی ئێستایه‌وه ناتوانێت له ئاستی هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی بێت، چونكه تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه یاسایه‌ك له په‌رله‌ماندا پێویستی به ده‌نگی (50% + 1) ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌یه. 6- هه‌ریه‌كه له یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان باوه‌ڕیان وایه كه له خولی دووه‌می په‌له‌ماندا له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی سیاسی خۆیان به‌شدارییان پێكراوه، به‌ڵام ئه‌مجاره وه‌ك ئۆپۆزسیۆن و به ئیراده‌یه‌كی سیاسی و جه‌ماوه‌رییه‌وه به‌شداری سیاسیان كردووه و چالاكترن له‌چاو خولی پێشوو كه‌به‌شدار بوون له حكومه‌تدا. 7- له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئۆپۆزسیۆن به‌و قه‌باره‌ی ئێستایه‌وه توانیویه‌تی ببێته لایه‌نێكی به‌رچاو له واقیعی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و به‌هه‌موو كێشه‌و گرفته‌كانیشه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ناچار به‌جۆرێك له دانپێدانان و حسابكردن بۆ رۆڵی ئۆپۆزسیۆن كردووه. له ئاستی نێو ده‌وڵه‌تیشدا روانگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان گۆڕیوه و شكڵێكی دیكه‌ی به‌خشیوه‌ته سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌ی، به‌ڵام به بۆچونی خۆیان هێشتا نه‌یانتوانیوه كار له ئه‌قڵیه‌ت و گوتاری ده‌سه‌ڵات بكه‌ن. 8- له هه‌رێمی كوردستاندا، په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن نه‌یتوانیوه له بازنه‌ی گومان و نیگه‌رانی به‌رامبه‌ر به یه‌كتری بگوازرێته‌وه بۆ ئاستێكی تر له ململانێی شه‌ریفانه و شه‌فافانه، تاراده‌ی پشتگیری و هاوكاری.
كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ریكی بۆ كوردASK ، رێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكی كوردییه، ساڵی 1999 ده‌ستی به چالاكییه‌كانی خۆی كردووه له هه‌رێمی كوردستاندا، له‌ساڵی 2005 دا رێكخراوی ASK چووه بواری چاودێریكردنی داموده‌زگا ره‌سمی و هه‌ڵبژیًَردراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له نمونه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا‌و په‌رله‌مان. له درێژه‌ی هه‌مان پڕۆژه‌شدا، رێكخراوی ASK بۆ ئه‌مساڵیش ده‌ستی كردووه به چاودێریكردنی به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌هه‌مان شێوه چاودێریكردنی ئه‌دای په‌رله‌مانی كوردستا، له‌م چواچێوه‌یه‌شدا رێكخراوی ئاسك ئه‌م راپۆرته سه‌باره‌ت به فراكسیۆنه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان بڵاو ده‌كاته‌وه.
123 جار خوێنراوه‌ته‌وه
|
|
|